مه‌لا شێخ خالیدی شاره‌زووری ناسراو به « مه‌ولانا خالید» كه نازناوی «ضیاءالدّین» و «ذی الجناحین» یش هه‌بووه،یه‌كێكه له كه‌ڵه پیاوانی كوردستان له گۆڕه‌پانی خوداناسی و زانیاری‌دا؛ خواناسێكی گه‌وره‌ی وا كه له گه‌ڵ ئه‌وته‌مه‌نه كورته‌ی دا گه‌یشته به‌رزترین پله‌ی ناوداری و خۆشه‌ویستی به جۆرێك كه كاتێ له هیندستان له خزمه‌تی « شا عبدالله دهلوی» گه‌ڕایه‌وه،هه‌زاران كه‌س له زانایانی ئایینی و گه‌وره پیاوان و خه‌ڵكی‌تر به‌ره‌و پیری ڕۆیشتن و بوون به موریدی و له سه‌رده‌می ژیانی‌دا، ناوبانگی زانایی و خواناسیی ئه‌و، بێجگه له كوردستان، له وڵاتانی ئێراق و ئێران و توركیا و سوریا و میسر و عه‌ره‌بوستان و ئه‌فغانستان و... ده‌نگی دایه‌وه و به هه‌زاران هه‌زار مورید و په‌یڕه‌وی بوو، وه هه‌ر له ژیانی خۆیدا،هه‌ندێك له زانایانی ئایینی و گه‌وره مامۆستایانی ئه‌و سه‌رده‌مه له عه‌رب و تورك و كورد كتێبیان سه‌باره‌ت به‌و نووسی(ژماره‌ی ئه‌م كتێبانه ده‌گات به نزیكه‌ی 20 كتێب) و له كۆچی دوایی‌یشیدا، به شیعر و نووسراوه‌ی به‌رز لاواندیانه‌وه؛ ئێسته‌یش جێگه‌ی خۆیه‌تی كه ئێمه‌یش به خویندنه‌وه‌ی ژیاننامه‌ی ئه‌و گه‌ره پیاوه،ئاشنایی زۆرتری له گه‌ڵ په‌یدا كه‌ین
ژیاننامه‌ی حه‌زره‌تی مه‌ولانا خالید
ناوی خالید كوڕی ئه‌حمه‌دی كوڕی حوسه‌ینه و له‌تیره‌ی جافی مكایلی‌یه. دایكی ناوی فاتمه‌یه و له سه‌ییده‌كانی پیر خدری‌یه.مكایلی تیره‌یه‌كن له جافی كۆچه‌ری له‌نه‌ته‌وه‌ی پیر مكائیل كه به شه‌ش ئه‌نگوس(شه‌ش په‌نجه) ناسراوه و له ساڵی 738 ی كۆچی‌دا هاتوه بۆ ناوچه‌ی «جوانڕۆ» و له دێی ده‌ودان نیشته‌جی بووه، هه‌ر له‌وێش كۆچی دوایی كردوه. ماوه‌یه‌ك دوای وه‌فاتی پیرمكائیل، نه‌وه‌كانی چوونه‌ته ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ و سه‌نگاو.مه‌ولانا خالید له ساڵی 1193 ی كۆچی‌دا له شاری قه‌ره‌داغ له دایك بووه و به منداڵی هه‌ر له‌و شاره خوێندوویه. له ته‌مه‌نی لاوه‌تی‌دابه فه‌قێیه‌تی چووه بو سوله‌یمانی لای مامۆستا پایه‌به‌رزه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌رسی خوێندووه و له خزمه‌ت شێخ محه‌مه‌د قه‌سیمی سنه‌یی ئیجازه‌ی وه‌رگرتوه؛ له هه‌موو زانسته‌كانی ئه‌و زه‌مانه‌ی خوێندگا ئیسلامی‌یه‌كاندا زۆر به‌رز و هه‌ڵكه‌وتوو و خاوه‌ن پایه بووه. كاتێ سه‌یید عه‌بدولكه‌ریمی به‌رزنجی مامۆستای خۆی له ساڵی 1213 دا، كۆچی دوایی ده‌كا، مه‌ولانا به فه‌رمانی عه‌بدوڕه‌حمان پاشای بابان له جێی داده‌مه‌زرێ و ده‌ست ده‌كا به ده‌رس كوتنه‌وه و له هه‌موو لایه‌كه‌وه فه‌قێ دێنه خزمه‌تی و ناوبانگ ده‌ر ده‌كا. له‌و ماوه‌یه‌دا كه خه‌ریكی ته‌دریس بووه، گه‌لێ له دنیا و ئه‌هلی دونیا دوور بووه و هه‌میشه موشتاق بووه مورشدێكی ڕۆحی بدوزێته‌وه و عیلمی ته‌سه‌ووفی لێ وه‌ربگرێ تا له چاڵی دنیاخوازی‌یه‌وه به پایه‌ی به‌رزی مه‌عنه‌وی بگات.حه‌زره‌تی مه‌ولانا له ساڵی 1220 دا له ڕێگای شامه‌وه ده‌چێ بۆ زیاره‌تی مه‌ككه و مه‌دینه. وه‌ك ده‌گێڕنه‌وه پیاوچاكێك له‌و سه‌فه‌ره‌دا تێی ده‌گه‌یه‌نێ كه ده‌بێ بچێ بۆ هیندوستان تا به مورادی دڵی بگا.ماوه‌یه‌ك دوای گه‌ڕانه‌وه له حه‌ج به‌رو هیندوستان وه ڕێ ده‌كه‌وێ، له ڕێگای تاران و خوراسانه‌وه دوای پتر له ساڵێك ده‌گاته دێهلی و « شاه عبدالله دهلوی » زیاره‌ت ده‌كا. له ماوه‌ی پێنج مانگدا ئه‌ونده له لای شاه عبدالله خۆشه‌ویست ده‌بێ كه كه‌س به پایه‌ی ئه‌و ناگا. دوای سه‌ركه‌وتن له پله و پایه‌كانی ته‌ریقه‌ت، حه‌زره‌تی شا عبدالله ئیجازه‌ی ئیرشادی له هه‌ر پێنج ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی، قادری،سوهره‌وه‌ردی، كوبره‌وی و چه‌شتی‌دا پێ ده‌دا و دوای ساڵێك به فه‌رمانی شاعبدالله ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كوردستان. له سالی 1226 دا ده‌گاته‌وه سوله‌یمانی و زانایان و پیاو ماقووڵانی شار به‌ره‌و پیری دێن، پاش ماوه‌یه‌ك حه‌سانه‌وه دچێ بۆ به‌غدا و پێنج مانگ له باره‌گای غه‌وسی گه‌یلانی‌دا ده‌مێنێته‌وه و دیسان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سوله‌یمانی، ئه‌مجار ده‌س ده‌كا به ئیرشادی موسوڵمانان بۆ ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی. هاوینان چووه بو هه‌ورامان و هه‌ر له‌و سه‌فه‌رانه‌دا شێخ عوسمان سیراجه‌ددین كه ئه‌و كاته به فه‌قێ عوسمان مه‌شهوور بووه به خزمه‌تێ گه‌ییوه و خه‌ریكی سولوكی ته‌ریقه‌ت بووه.مه‌ولانا له سالی 1228ی كۆچی‌دا بۆ جاری دووهه‌م چووته به‌غدا و دوای چه‌ند ساڵ گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ سوله‌یمانی و ماوه‌ی شه‌ش ساڵ له‌وێ ماوه‌ته‌وه. له ئاخردا ده‌بینێ كه وه‌زعی سوله‌یمانی به هۆی كێشه و ناكوكی له ناو بابانه‌كاندا ناخۆش بووه، ئیدی به جارێك دڵی له‌و شاره هه‌لده‌قه‌ندرێ و له سالی 1236دا بۆ جاری سێهه‌م ده‌چێ بۆ به‌غدا، دوای دوو ساڵ مانه‌وه، به‌ره‌و شام وه‌ڕێ ده‌كه‌وێ و له ساڵی 1238ی كۆچی‌دا ده‌گاته ئه‌وێ.دوای حه‌سانه‌وه له شام، به مه‌به‌ستی زیاره‌ت، سه‌فه‌ریكی قودس ده‌كا. له‌وێش زۆر له زانایان و پیاو ماقووڵان و خه‌ڵكی دی ده‌بن به موریدی. كه له قودسه‌وه بۆ شام ده‌گه‌ڕێته‌وه تا ساڵی 1241 خه‌ریكی ئاموژگاری كردنی موسوڵمانان و ده‌رس گوتنه‌وه به فه‌قێ‌یان و ئیرشادی موریدان ده‌بێ. له‌و ساڵه‌دا دیسان سه‌فه‌ری مه‌ككه و مه‌دینه ده‌كا، له مه‌دینه كومه‌ڵێكی زۆر له موسوڵمانان به تایبه‌تی زانایان و پیاو ماقووڵان، كه هاتبوون بۆ حه‌ج، به خزمه‌تی ده‌گه‌ن و ته‌ریقه‌تی لێ وه‌رده‌گرن. هه‌ڵبه‌ت پێش ئه‌م سه‌فه‌ره له مه‌ككه خه‌لیفه‌ی هه‌بووه.ساڵێك دوای گه‌ڕانه‌وه بۆ شام، واتا له سالی 1242ی كۆچی‌دا، شه‌وی چوارشه‌ممه 11ی مانگی ذی‌القعده تووشی نه‌خۆشی تاعوون ده‌بێ و له شه‌وی جومعه سێزده‌ی هه‌مان مانگدا له نێوان نویژی شێوان و خه‌و‌تناندا كۆچی دوایی ده‌كا - خودای لێ ڕازی بێ. (1)حه‌زره‌تی مه‌ولانا، كتێبی زۆری نووسیون و هه‌روه‌ها به كوردی و فارسی و عاره‌بی شیعری گوتوه كه زۆربه‌ی شیعره‌كانی پاڕانه‌وه له خوا و پێغه‌مبه‌ر(د.خ) و مه‌دحی پیاوچاكانن
.ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
1. ئه‌م ژین‌نامه‌یه له كتێبی یادی مه‌ردان(به‌رگی یه‌كه‌م) نووسراوی مامۆستای به‌ناوبانگ مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس گوڵبژێر كراوه.
سه‌رچاوه: سیلسیله‌ی نه‌خشبه‌ندی؛ نووسراوی ره‌حمان میسباح قازی؛ چاپی یه‌كه‌م، ناوه‌ندی بڵاوكردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی كوردی(ئینتشاراتی سه‌لاحه‌دینی ئه‌ییوبی)، ورمێ: 1369 ی هه‌تاوی، لل. 8 ـ 6 .
بابه‌ته پێوه‌ندیداره‌کان:
ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی و مه‌ولانا خالید و شێخی سیراجوددین
دواتر | په‌ڕه 1 له 5
| پێشوو
شرح حال حضرت مولانا خالد ذی‌الجناحين نقشبندی شهرزوری
بۆچوونه‌کان {0}
لۆگۆ: ڕسته‌ی« بسمه سبحانه و تعالی» به خه‌تتی حه‌زره‌تی حاجی شێخ ئه‌حمه‌دی شه‌مسه‌دین،کوڕی چواره‌می حه‌زره‌تی شێخ عوسمانی سراجه‌دین. دابی شێخه نه‌قشبه‌ندیه‌کانی هه‌ورامان وا بوه که « بسمه سبحانه و تعالی یان (هه‌ر به‌م جۆره) له پێش نامه‌کانی خۆیان نووسیوه.
ئەم بڵاگە سەبارەت بە تەسەووف، تەریقەتی نەقشبەندی و مەشایخی هەورامان بابەت بڵاو دەکاتەوە. سوود وەر گرتن لە بابەتەکان بێ ئاماژە بە سەرچاوە قەدەغەیە.
..........
نێو و مێژووی وه‌فاتی شێخه نه‌قشبه‌ندیه‌کانی هه‌ورامان:
حه‌زره‌تی شێخ عوسمان سراجو‌ددین (1283 کۆچی مانگی). حه‌زره‌تی شێخ موحه‌ممه‌د به‌هائوددين(1298). حه‌زره‌تی شێخ عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌بولوه‌فا (1284). حه‌زره‌تی شێخ عومه‌ر زيائوددين(1318). حه‌زره‌تی شێخ ئه‌حمه‌د شه‌مسو‌ددین (1307). حه‌زره‌تی شێخ عه‌لی حوساموددين(1358). حه‌زره‌تی شێخ موحه‌ممه‌د نه‌جموددين(1337). حه‌زره‌تی شێخ موحه‌ممه‌د علائوددين(1373). حه‌زره‌تی شێخ موحه‌ممه‌د عوسمان سراجو‌ددینی دووهه‌م (1417).
به‌ڕێزان ئه‌گه‌ر لێره‌دا ببن به ئه‌ندام له به‌ڕۆژ بوونه‌وه‌ی ئه‌م بڵاگه ئاگادار ده‌بن
